/   عێراق

سەرۆک وەزیرانی عێراق بەسەردانێکی رەسمیی گەیشتە تورکیا

2024-11-01
 
ئەمڕۆ هەینی 1 تەشرینی دووەم، محەممەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بەسەردانێكی رەسمی گەیشتە توركیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كۆدەبێتەوە.
 
لەو بارەیەوە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا کە کۆپییەکی دست PUK council کەوتووە، بڵاویكردەوە، سەرۆك وەزیرانی عیراق گەیشتووەتە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان كۆدەبێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەكی دیكە بخاتەڕوو.
 
محەممەد شیاع سودانی رۆژی پێنج شەممە سەرپەرشتی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای تایبەت بە بەدواداچوونی رێككەوتن و لێكتێگەیشتنەكانی نێوان عیراق و توركیا كرد لە بوارە جیاجیاكاندا كە لەمیانەی سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ بەغداد لە نیسانی رابردوودا ئیمزاكران.
 
لەكۆبوونەوەكەدا هەروەها گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان كرا لە چوارچێوەی رێككەوتنی هاوبەشی چوارقۆڵی عیراق و توركیا و قەتەر و ئیمارات و تاوتوێكردنی بەربەستەكانی بەردەم پرۆژەكە و هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی لەو ماوەیەدا كە بۆی دیاریكراوە.

زیاتر بخوێنەوە