/   هەواڵی ئەنجومەن

لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی (ی. ن.ک) پێشوازی لەفەرماندەو ئەفسەرانی هێزەکانی پشتیوانیی دوو دەکات

2024-02-18
ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی شوبات، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی (ی. ن.ک) لە بارەگای ئەنجومەن، پێشوازیکرد لە لیوا روکن مەریوان محەمەد ئەمین، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی دووی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ژمارەیەک لەئەفسەرانی باڵای هێزەکانی پشتیوانی دوو.
لەدیدارێکدا وێڕای پیرۆزباییکردن لە هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی(ی. ن.ک)،  فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی دوو و ئەفسەرانی باڵا، تیشکیان خستەسەر رۆڵی دیاری هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لە جەنگی دژ بەتیرۆریستانی داعش و هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پرۆسەی چاکسازی لەو هێزانەدا.
جەختیشیان کردەوە لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی پشتیوانییەکانی بەڕێزیان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لەم پۆستە نوێیەیدا.
لەبەرانبەردا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی(ی. ن.ک)، تەئکیدی کردەوە لەسەر ئەوەی هەرێمی کوردستان پێویستی بە سوپایەکی یەکگرتووی رێکخراو و مەشقپێکراوی ئەوتۆ هەیە کە بەباشترین شێوە مەشق و راهێنانیان پێکرابێت و بەگوێرەی ستاندارە سەربازییە جیهانییەکان پەروەردەکرابن و جگە لە ئینتیمای خاک و نیشتمان، هیچ ئینتمایەکی دیکەیان نەبێت، وتیشی سەرۆکی یەکێتی و تەواوی دامەزراوەکانی تری حزب بەوپەڕی توانایانەوە داکۆکی لەو تێڕوانینانە دەکەن.
باسی لەوەشکرد کە تەواوی دەستکەوتەکانی هەرێم کوردستان، لە پەرلەمان و حکومەت و ئەو سەرفرازییەی بەدەستهاتووە، بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەبات و رەنجی تێکۆشەرانی دێرین و پێشمەرگە نەبەردەکانە، بۆیە نابێت تێکۆشانی ئەو توێژە گرنگەی کۆمەڵگەی کوردەواریش نادیدە بکرێت، بەڵکو پێویستە بەپێی یاسا و رێنماییەکان ماف و ئیمتیازاتەکانیان بۆ فەراهەم بکرێت و بەڕێزەوە خزمەت بکرێن.
لەکۆتایی دیدارەکەشدا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی(ی. ن.ک) ، هیوای خواست هێزەکانی تری پێشمەرگەش بەهەمان شێوەی هێزەکانی پشتیوانی دوو لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمدا رێکبخرێن کە سەرەنجام بایەخێکی گەورەی هەیە لە ئەرکی بەرگریکردن لە هەرێم و دەستکەوتەکانی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان.
 

زیاتر بخوێنەوە