سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رایگەیاند، بە توندی دەستدرێژییەکانی قەوارەی زایۆنی بۆسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیدانە دەکات، کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی دەوڵەتانە و هەنگاوێکی دیکەیە بۆ ناسەقامگیری ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
ئەوەش دوای ئەوەدێت کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 26ی تەشرینی یەکەم، ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەند پێگەیەکی سەربازی ئێران ئەنجامدا.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، راشیگەیاند، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن بەرپرسیارێتی خۆی بگرێتە ئەستۆ و بەپەلە کاربکات بۆ کۆتاییهێنان بەو دەستدرێژیانە و رێگریکردن لە فراوانبونی ململانێکە.
وتیشی، هەڵوێستی نەگۆڕی عیراق دوپاتدەکەنەوە و هەر جۆرێك لە جۆرەکانی گرژی رەتدەکەنەوە، هەروەها دوپاتیدەکەنەوە پشتیوانی لە فەڵەستینیەکان دەکەن بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانیان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیان لەسەر خاکی نیشتمانیی فەڵەستین، سەرەڕای پێویستیی کارکردنی بەپەلە بۆ کۆتاییهێنان بە دەستدرێژی بۆسەر براکانیان له غەززه و لوبنان و گەیشتن به چارەسەرێك، کە ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکەدا بەدیبهێنێت.