گەورە بەرپرسانی ویلایەتەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی چاکسازیی و هەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە هەموو ئاستە جیاوازەکاندا.
دووپاتکردنەوەی ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا، لەمیانەی دیدارێکی نێوان هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی (ی.ن.ک) و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەدا هات کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی ئادار، لەبارەگای ئەنجومەن، لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
لەو دیدارەدا، وەزیری پێشمەرگە، کورتە باسێکی سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی(ی.ن.ک) پێشکەشکردو تێیدا تیشکیخستەسەر پێشوازی و پەرۆشی گەورە بەرپرسان و کەسایەتییە سیاسییە ئاست بەرزەکانی ئەمریکا لە وەزارەتی دەرەوە و دامەزراوەی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە، سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە پێناو یەکخستنەوەی هێزەکان و دروستبونی سوپایەکی یەکگرتوی پێشمەرگەی کوردستان.
هاوکات باسی لە ئامادەیی ئەمریکا کرد بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئێستا و ئایندەدا لەسەر ئاستە جیاوازەکان.
لەبەرامبەردا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی(ی.ن.ک) پشتگیری تەواو و بەردەوامی خۆی بۆ پرۆسەی چاکسازی ناو هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دووپاتکردەوەو ئامادەیی بۆ هەموو جۆرە یارمەتیدان و پشتگیرییەک بۆ وەزیری پێشمەرگە دەربڕی.