ئەمڕۆ سێشەممە 2ی کانوونی یەکەمی 2025، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هاوڕێ لەگەڵ هەڤاڵ جەلال شێخ کەریم ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، سەردانی کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستانی کرد و لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی کەناڵ و ژمارەیەک لە کادرانی کەناڵەکەوە بە گەرمیی پێشوازییان لێکرا.
لەدیدارێکدا، هەڤاڵ شێخ جەعفەر پیرۆزبایی لە هەڤاڵ کوردۆ عەلی کرد، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هاوکات جەختی لە رۆڵی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان کردەوە کە هەمیشە پێشەنگ بووە لە گەیاندنی زانیاریی و راستییەکان بە کۆمەڵانی خەڵک، بەشێوەیەکی پیشەییانە و راستگۆیانە.
هەر ئەمڕۆ هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن، هاوڕێ لەگەڵ هەڤاڵ جەلال شێخ کەریم، سەردانی کاک فاروقی مەلا مستەفا کەسایەتی و سەرمایەداری نیشتمانی کردو لەلایەن بەڕێزیانەوە بەگەرمیی پێشوازی لێکرا.
لەدیدارێکدا، هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن لە تەندروستی کاک فاروقی پرسی و هیوای خواست بەتەندروستییەکی باشەوە درێژە بەکارەکانی بدات.