/   کوردستان

پەیامی جێگری سەرۆکی هەرێم لەیادی رۆژی شەهیدی یەکێتیدا

2025-11-21
 
لە ٢١ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێکدا بە شکۆوە یادی ڕۆژی شەهیدانی یەکێتی دەکەینەوە، لەم ڕۆژەدا دروود بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی یەکێتی و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی کوردستان دەنێرم، هەمیشە سەربەرز و سەرفراز بن کەسوکار و خانەوادەی شەهیدەکانمان.
 
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تاکو ئێستا، ڕووبارێک خوێنی لەپێناو گەیشتن بۆ ئازادی و ڕزگاریی کوردستان بەخشیوە، هەر لە شەڕە دەستەویەخەکانی شاخ و هێرشە پارتیزانەکانی ناو شار تا ژووری زیندانییەکانی بەعسی فاشیزم و سەنگەری بەرگری دژ بە تیرۆریستانی داعش خوێنی لە جەستەی چۆڕاوە.
 
ئەم یادە ڕۆژێکی مەزنە لە مێژووی پڕ سەروەریی و خەباتی شۆڕشگێڕی حزبی شەهیدان کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە، هەروەها هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی لە سێدارەدانی سێ سەرکردەی قارەمانی یەکێتی بە ناوەکانی (شەهابی شێخ نووری و جەعفەر عەبدولواحید و ئەنوەر زۆراب)، مێژووی یەکێتی دەرخەری خەمخۆری و ئازایەتیی سەرکردەکان و پێشمەرگەکانیەتی، هێزی یەکێتیی نیشتیمانی لە بیروباوەڕەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە ئەستەمە بۆ نەیارانی بیر لە لاوازبوونی بکەنەوە.
 
سڵاو لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان بێت، کە ئازیزترینەکانی خۆیان پێشكەش بە كورد و كوردستان كردووە، دڵنیایان دەکەینەوە کەوا لای ئێمە هەمیشە جێگای شانازین.
 
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/١١/٢١

زیاتر بخوێنەوە