لە یادی (٢٤١)ـەمین ساڵەی بنیادنانی شاری سلێمانیدا، پیرۆزباییەکی گەرم لە خەڵکی خۆشەویستی شاری سلێمانی و پایتەختی ڕۆشنبیریی کوردستان دەکەم، کە لەسەر دەستی ئیبراهیم سلێمان پاشای بابان، هاتۆتە بنیادنان.
شاری سلێمانی هەر لە سەرەتای بنیادنانییەوە سیمایەکی جوانی بەخشیوە بە ناوچەکە، چەندین قۆناغی جیاوازی تێپەڕاندووە تاوەکو گەیشتۆتە ئێستا، لە هەمان کاتدا مەڵبەندێکی گرنگ و پڕ بایەخ بووە لە ئاست شارستانیەت و بەرەپێدان لە ڕووی ڕۆشنبیریەوە، هەر ئەمەش وایکردووە ببێت بە پێگەیەک بۆ سەرهەڵدانی سەدان کەسایەتی مێژوویی و زانا و شاعیری بەناوبانگ.
شاری سلێمانی هەمیشە دەنگێکی زوڵاڵ بووە لە ئاست خەباتی پڕ لە شۆڕشگێڕی، لەپێناو ئازادیی و خزمەتکردن بە نیشتیمان و بەرەنگاربوونەوە دژ بە زوڵم و زۆرداریی و نادادپەروەری، پێکەوەژیانی گشت پێکهاتەکانی کردۆتە هەوێنی فراوانبوون و ئاوەدانی بۆ ناوچەکە.
هیوادارم ئەم شارە لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاریدا پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ، دوور لە ململانێی تەسکی حزبایەتی لە چوارچێوەی کاروبارە یاسایی و ئیدارییەکانی حکومەت خزمەتی زیاتری پێشکەش بکرێت.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/١١/١٤