/   هەواڵی ئەنجومەن

شێخ جەعفەر بۆ وەرزشکاران: ئێوە ئەستێرەی گەشی ناو کۆمەڵگەن و نموونەی مرۆڤی لێبوردەن

2025-11-05


ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی تەشرینی دووەم، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی  پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن، پێشوازیکرد لە ژمارەیەکی زۆر لە وەرزشکارانی سنووری سلێمانی.

لەدیدارێکدا کە هەڤاڵان جوتیار نوری و د. عەلی تەها لێپرسراوی بازنەی باڵای وەرزشی و ئەدیب شکور لێپرسراوی بازنەی وەرزشی سلێمانی ئامادەیبوون، لێپرسراوی ئەنجومەن، سڵاوی سەرۆک بافڵ-ی گەیاندە ئامادەبووان و رایگەیاند؛ ئێوەی وەرزشکاران ئەستێری گەشی ناو کۆمەڵگەن و نموونەی مرۆڤی لێبوردەن و گۆڕەپانەکانی وەرزش وەک قوتابخانەیەک وان کە گەنجان فێری رێز و ئاکاری بەرز دەکەن. وتیشی: وەرزش پیرۆزی خۆی هەیە و زۆرجار دەبێتە پردی پەیوەندی نێوان گەلان.
هاوکات ئاماژەی بەرۆڵی وەرزشکاران کرد لە شۆڕشی رزگاریخوازی کوردستاندا و رایگەیاند؛ چەندین وەرزشکار بوون بەسەرکردەی شۆڕش و دەیان وەرزشوانیش لە شۆڕشی نوێدا شەهید بوون.

پاشان، باسی لە مێژووی پڕ لە تێکۆشانی یەکێتی و  رۆڵی وەرزشکاران کرد لە هەڵبژاردنی پێشوودا و ئاماژەی بەوەکرد کە تا ژمارەی کاندیدانی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق زۆربێت، ئەوەندە پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز دەبێت و دەتوانرێت ئەو یاسایانە دەربکرێن کە لەسوود و قازانجی خەڵکی کوردستاندایە، هەربۆیە پێویستە خۆتان و خێزان و خزم و دۆستەکانتان لەرۆژی دەنگداندا، سندوقەکانی دەنگدان پڕ بکەن لە دەنگی کاندیدانی لیستی 222ی یەکێتی.

 

زیاتر بخوێنەوە