ئەمڕۆ سێشەممە 4ی تەشرینی دووەم، لەبارەگای ئەنجومەن، هەڤاڵ جوتیار نوری بەنوێنەرایەتی هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن، پێشوازیکرد لە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی بەکرەجۆ.
لەدیدارێکدا کە هەڤاڵان حاکم سوبحی و د. ئومێد لێپرسراوی بازنەی 11ی بەکرەجۆ و ژمارەیەک لە ستافی بازنە ئامادەیبوون، هەڤاڵ جوتیار نوری تیشکی خستەسەر خەبات و قوربانیدانی میللەتی کورد دژی ستەم و تاکڕەوی داگیرکەرانی کوردستان، بەتایبەتی لە شۆڕشی نوێدا، کە خەڵکی بەکرەجۆ پشکی شێریان لەو تێکۆشان و فیداکارییە بەردەکەوێت. هاوکات باسی لە گرنگی ئەنجومەنی نوێنەران کرد سەبارەت بە کورد، بەتایبەتی سەبارەت بە یەکێتی، کە لەڕێی رەوانەکردنی زۆرترین ژمارەی کاندیدی دڵسۆزی یەکێتی، دەتوانرێت بەشداری لە دەرچوواندنی ئەو یاسایانەدا بکرێت کە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بێت. وتیشی: پێشتر بەهۆی سەرۆک مام جەلالەوە، یەکێتیی کاریگەریی باشی هەبووە لەسەر بڕیارەکانی بەغدا، ئێستاش بەسەرۆکایەتی کاک بافڵ پێویستمان بەوەیە لەڕێی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگەوە هەمان کاریگەرییمان هەبێت، تاکو بتوانین باشتر خزمەتی خەڵک بکەین.
هەربۆیە داوای لە ئامادەبووان کرد، تەواوی هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ دەستبەرکردنی زۆرترین دەنگ بۆ کاندیدانی لیستی 222ی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان.
لەبەشێکی کۆبوونەوەکەدا، لێپرسراوی بازنەی بەکرەجۆ وتەی پێشکەشکردو دواتر ژمارەیەک لە کاندیدانی لیستی 222 خۆیان بەئامادەبووان ناساند.