شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بازنەکانی هەڵبژاردن بەسەردەکاتەوە و دەستخۆشییان لێدەکات
ئەمڕۆ شەممە 1ی تەشرینی دووەمی 2025، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی بازنەکانی هەڵبژاردنی کرد لە گەڕەکەکانی چوارچراو و سەرچنار و ئازادی و خەباتی شاری سلێمانی و لەلایەن هەڤاڵان رهێڵ عەلی لێپرسراوی بازنەی 4ی چوارچرا و بورهان عەبدولڕەحمان لێپرسراوی بازنەی 10ی سەرچنار و هاوڕێ سەرچنار لێپرسراوی بازنەی 3ی ئازادی و مەحمود قەرەداخی لێپرسراوی بازنەی 2ی خەبات و ژمارەیەکی زۆر لە کادیرانی هەرچوار بازنەکەوە بەگەرمیی پێشوازیی لێکرا.
لە چوار دیداری جیاجیادا، هەڤاڵ شێخ جەعفەر، دەستخۆشی لەهەوڵ و ماندووبوونی لێپرسراو و کادیرانی بازنەکانی هەڵبژاردن کرد کە جوامێرانە سەرقاڵی راپەڕاندنی ئەرکەکانیانن لە جۆشدانی خەباتی جەماوەریی و پشتیوانیکردنی کاندیدانی لیستی 222ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هاوکات جەختی لەسەر گرنگی بەشداریی ژنان کردەوە لە تیمەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن و بایەخی بەشدارییکردنی بەرفراوانی ژنانی لە پرۆسەی دەنگداندا بۆ ئامادەبوان روونکردەوە، بەوپێیەی ژنان نیوەی کۆمەڵگەن و دەتوانن بەدەنگەکانیان گۆڕانکاریی بەرچاو لە کایەی سیاسیدا بهێننەئاراوە، بەتایبەتی لەم هەڵبژاردنەی 11/11 دا کە پێشبینی دەکرێت جەماوەری گەلەکەمان بەجۆش و خرۆشەوە رووبکەنە ناوەندەکانی دەنگدان و سندوقەکانی دەنگدان سەوزپۆش بکەن و سەرەنجام ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕین. 
لەبەرانبەردا، لێپرسراو و کادیرانی بازنەکان، سوپاسی رێنمایی و هاندان و دەستخۆشییەکانی هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەنیان کرد کە بەردەوام پاڵپشتی ئۆرگانە جیاجیاکان و کادیرانی حزبە، هاوکات باسیان لە بەدەنگەوەهاتنی ئەرێنیانەی کۆمەڵانی خەڵک و ئامادەکارییەکانیان کرد بۆ تۆمارکردنی نەبەردییەکی گەورەی دیموکراسی و دوپاتیان کردەوە کە تەواوی تواناکانیان چڕدەکەنەوە بۆ سەرخستنی لیستی شەهیدان.