/   هەواڵی ئەنجومەن

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ستایشی تێکۆشانی خوێندکاران دەکات

2025-11-01
ئەمڕۆ شەممە 1ی تەشرینی دووەم، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی  پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن، پێشوازیکرد لە ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران.

لەدیدارێکدا کە نوێنەرانی خوێندکاران و هەڤاڵان جوتیار نوری و مامۆستا جوامێر ئامادەیبوون، هەڤاڵ شێخ جەعفەر تیشکی خستەسەر خەبات و تێکۆشانی خوێندکاران لە شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا و رایگەیاند؛ ئێوە توێژێکی گرنگ و کاریگەر و خاوەن پێگەن و داینەمۆ و دڵی زیندووی کۆمەڵگەن و زۆربەی سەرکردەکانی کورد و لێپرسراوە کارگێڕییەکانی ئێستای وڵات لەهەناوی ئێوەوە سەرچاوەیان گرتووە. ئەوەشی بەبیرهێنانەوە کە چەندین سەرکردەی خوێندکاران و سەدان خوێندکار لە شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا گیانیان بەختکردووە.

جەختیشیکردەوە کە سەرۆک مام جەلال و یەکێتیی و سەرۆکی ئێستای یەکێتی، هەمیشە بایەخێکی تایبەتیان بە پرسی خوێندن و خوێندکاران داوە. لەسەرەتای دامەزراندنی یەکێتیی و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێشەوە، کاتێک رژێمی بەعس خوێندنگاکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشی داخست، یەکێتی لە گوندەکاندا قوتابخانەی نوێی دامەزراند و مامۆستای شۆڕشی بۆ دەستەبەر دەکردن، بۆ ئەوەی رەوڕەوی خوێندن رانەوەستێت و منداڵانی کورد بێبەش نەبن لە خوێندن.

لەبارەی رۆڵی خوێندکاران لە خەباتی مەدەنی و دیموکراسیدا، لێپرسراوی ئەنجومەن رایگەیاند؛ ئێوە پێشەنگی تێکۆشانی دیموکراسین و هەروەک چۆن لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا نەخشی بەرچاوتان هەبووە لەسەرخستنی لیستەکانی یەکێتی، پێویستە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەشدا قۆڵی جوامێرانەی لێهەڵماڵن و هەموو تواناکانتان بخەنەگەڕ بۆ سەرخستنی لیستی 222 و رەوانەکردنی زۆرترین ژمارەی کاندیدانی یەکێتی. تاکو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەشداربن لە دەرچواندنی ئەو یاسایانەی خزمەت بە دۆزی نەتەوەیی و نیشتمانی میللەتەکەمان و خزمەتکردنیان دەکات.

لەبەشێکی کۆبوونەوەکەدا، هەرێم ئیسماعیل بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی خوێندکاران، بەناوی خوێندکارانەوە، وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا وێڕای ستایشکردنی پشتیوانییە هەمیشەییەکانی هەڤاڵ شێخ جەعفەر بۆ توێژی خوێندکاران، تەئکیدی لەسەر گرنگی پاڵپشتیکردنی کاندیدانی لیستی 222ی یەکێتی کردەوە.

 

زیاتر بخوێنەوە