/   هەواڵی ئەنجومەن

هەڤاڵ شێخ جەعفەر: یەکێتی هەوڵی لێبڕاوانەی داوە ژنان لە دامەزراوە حکومی و حزبییەکاندا پێگەی شیاویان هەبێت

2025-10-21

ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تەشرینی یەکەمی 2025، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بارەگای ئەنجومەن، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی سنووری بازنەی سلێمانی، سەر بەیەکێتی ژنانی کوردستان کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە بەئامادەبوونی خاتوو لەیلا عەبدوڵا سکرتێری یەکێتی ژنان کوردستان و هەریەک لە هەڤاڵان؛ جوتیار نوری و پۆڵای شەهید سیروان تاڵەبانی و بڵێسە جەبار فەرمان و چرۆ شەهاب، بەڕێوەچوو، سەرەتا هەڤاڵ شێخ جەعفەر ئاماژەی بە مێژووی یەکێتی ژنانی کوردستان کوردستان کرد کە لە هەلومەرجێکی سەخت و دژواری دوای ئەنفال و لە ئاوارەیدا، لەسەر پێشنیازی سەرۆک مام جەلال دامەزراوەو لەو کاتەوە تائێستا بەردەوامە لە تێکۆشانی مەدەنیانە.

پاشان لێپرسراوی ئەنجومەن، تیشکی خستەسەر پێگەی ژن لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا کە بەردەوام نەخشی بەرچاویان لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا هەبووە، لەسەر ئاستی حزبیش، تێڕوانینی مەبدەئیانەی یەکێتی سەبارەت بە پرسی ژنان باسکردو رایگەیاند؛ یەکێتی بەڕابەرایەتی سەرۆک مام جەلال، هەر لە سەردەمی خەباتی شاخەوە، هەمیشە گرنگی بە تێکۆشانی ژنان داوە، لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان و بەخشینی ڕۆڵێکی شایستە پێیان. لەدوای راپەڕینیش لەسەر هەمان رێباز بەردەوام بووەو هەوڵی لێبڕاوانەی داوە ژنانی کوردستان لەنێو دامەزراوە حکومی و حزبییەکاندا پێگەی شیاوی خۆیان هەبێت، هەربۆیە چەندین ژنی رەوانەی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان کردووە، چەندین پۆستی گرنگی وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی حکومەتی بەژنان سپاردووە، لە سەرکردایەتی یەکێتیشدا ژمارەیەکی باش لە ژنان بوونیان هەیە و بۆ لەمەودواش هەمیشە پشت و پەنای خەباتی رەوای ژنان دەبین.

ئەوەشی خستەڕوو کە یەکێتی لەنێو کایەی سەربازیشدا ژنی فەرامۆش نەکردووەو فەوج و هێزی بۆ دامەزراندوون و لە رۆژە سەختەکانی بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانی میللەتەکەماندا دژ بە تیرۆریستان، ژنان چەندین شەهیدو بریندارو کەمئەندامیان هەیە. لە قۆناغی ئێستاشدا ژنان دەتوانن رۆڵی خۆیان لە کایەی سیاسیدا ببینن و پێویستە وەک هەمیشە پێشەنگ بن لە خەباتی دیموکراسیدا، لەو نێوەندەشدا گرنگە ژنان تەواوی تواناکانیان بخەنەگەڕ، لەپێناو سەرخستنی لیستی 222ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رۆژی 11/11 خۆتان و کەسوکارەکانتان، سندوقەکانی دەنگدان سەوزپۆش بکەن و پشت بەخوای گەورە و گۆڵنەدانی رۆڵەکانی میللەتەکەمان، لە ئێوارەی ئەو رۆژەدا تەپڵی سەرکەوتن لێدەدەین.

لەبەشێکی کۆبوونەوەکەدا، هەریەک لە هەڤاڵان لەیلا عەبدوڵا و بڵێسە جەبار فەرمان و چرۆ شەهاب وتەیان پێشکەش کرد و پاشان ژمارەیەک لە کاندیدانی لیستی 222ی یەکێتی خۆیان بەئامادەبووان ناساند.

زیاتر بخوێنەوە