/   کوردستان

جێگری سەرۆکی هەرێم پێشوازیکرد لە باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق

2025-10-19
 ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٥/١٠/١٩ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بەڕێز گلێن مایڵز، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە په‌يوه‌ندييه‌كانى هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئوسترالیا کرا، کە تیایدا گرنگیی بەردەوامی و فراوانکردنی پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکاندا، دووپات کرایەوە. هەروەها دۆسیەی چاکسازیی و ‏یەکخستنەوەی پێشمەرگە و پرۆسەی چاوەڕوانکراوی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تاوتوێ کران.
سەبارەت بە کێشە و گیروگرفتەکانی هەولێر ـ بەغدا کە تەوەرێکی دیکەی نێو کۆبوونەوەکە بوو، جەخت لە بەردەوامبوونی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستوور، کرایەوە.
سەبارەت بە ڕەوشی ناوخۆ و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، هەردوولا بە بایەخەوە لە پێویستیی یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیان ڕوانی، لەپێناو سەرخستنی پرۆسەکەدا.

زیاتر بخوێنەوە