/   هەواڵی ئەنجومەن

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەگەڵ کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و چین و توێژەکانی چەمچەماڵ و کەرکوک کۆبووەوە

2025-10-16
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تەشرینی یەکەمی 2025، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە چەمچەماڵ چاویکەوت بەژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی کۆمەڵایەتی و نوێنەرانی چین و توێژە جیاجیاکانی سنووری چەمچەماڵ و کەرکوک و گەرمیان.
 
لەکۆبوونەوەیەکدا کە هەڤاڵان رێبوار تەها سەرۆکی لیستی "222"ی یەکێتی لە کەرکوک و هیوا عەبدوڵا لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستی چەمچەماڵ و خاتوو نیشتمان هاوسەری شەهید مامەڕیشە ئامادەیبوون و لەلایەن بەڕێز تەحسین قەشقەیی رێکخرابوو، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، باسی لە قارەمانێتی و دڵسۆزی خەڵکی سنووری قەزای چەمچەماڵ و کەرکوک و گەرمیان کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە دانیشتوانی خۆڕاگری ئەو ناوچانە بەخوێنی خۆیان و کەسوکارەکانیان بەرگرییان لە خاک و خەڵکی کوردستان کردووە، بەو هۆیەشەوە رووبەڕووی دڕندانەترین شێوازی لەناوبردن و چەوساندنەوە بوونەتەوە، بەو پێیەی رژێمی بەعس هەمیشە ئەوانی بە هەڕەشەی جددی بۆ سەر خۆی زانیووە، بۆیە زۆرترین ژمارەی شەهید و ئەنفالکراو لەم ناوچەیەدایە.
 
پاشان تیشکی خستەسەر دوا پێشهاتەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و گرنگی و بایەخی بەشداریی بەرفراوانی کۆمەڵانی خەڵک لە پرۆسەکەدا بۆ ئامادەبووان روونکردەوەو بە پرۆسەیەکی چارەنووسسازی ناوبرد و هانیدان کە هەوڵەکانیان بۆ ناردنی زۆرترین دەنگدەر بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان چڕبکەنەوە، ئەوەشی خستەڕوو کە بەهۆی بەشداریی کاریگەریی جەماوەی یەکێتیی لەهەڵبژاردنی پێشووی عیراق، ئێستا پارێزگارێکی کورد لە کەرکوک خزمەت بە دانیشتوانەکەی دەکات و بێ جیاوازیی، ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی دەگەیەنێتە هەموو ناوچە و گەڕەکەکانی کەرکوک، بەهیمەتی جەماوەری کوردستان، لەم هەڵبژاردنەشدا زۆرترین کاندید دەنێرینە پەرلەمانی عیراق، بەوەش کاریگەرییمان دەبێت لەسەر هاوکێشەی سیاسی لەعیراقدا و لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال
 دەتوانین باشتر خزمەت بە خەڵکی خۆمان بکەین، گەشبینی خۆیشی نیشاندا کە رۆژی 11/11 تەپڵی سەرکەوتنی لیستی 222 لێدەدەین.
 
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا هەڤاڵ رێبوار تەها، سەرۆکی لیستی 222 لە کەرکوک، وتەیەکی پێشکەش کرد و بەداتا و زانیاریی ئەو خزمەتگوزارییانەی خستەڕوو کە لەماوەی کارکردنی خۆی و ستافەکەیدا لە کەرکوک پێشکەش بەدانیشتوانی شارەکەیان کردووە، ئەوەشی روونکردەوە کە بۆ داهاتوو چ بەرنامەیەکی ستراتیژیی و هەمەلایەنەیان ئامادەکردوە، بەئامانجی گەشەپێدانی کەرکوک لە تەواوی سێکتەرەکاندا.
 
 لەبەشێکی کۆبوونەوەکەدا، هەڤاڵ هیوا عەبدوڵا لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی چەمچەماڵ وتەیەکی پێشکەش کرد، پاشان ژمارەیەک لە کاندیدانی لیستی یەکێتی لە بازنەکانی هەڵبژاردنی کەرکوک و سلێمانی و خورماتوو خۆیان بەئامادەبووان ناساند.
 

زیاتر بخوێنەوە