ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تەشرینی یەکەمی 2025، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی مەڵبەندی رێکخستنی چەمچەماڵی کردو لەلایەن هەڤاڵ هیوا عەبدوڵا لێپرسراوی مەڵبەند و ژمارەیەک لە کادیرانی مەڵبەندەوە بەگەرمیی پێشوازیلێکرا.
لەدیدارێکدا هەڤاڵ شێخ جەعفەر، وێڕای دەستخۆشی لە لێپرسراو و کادرانی مەڵبەند، لەپای ماندووبوون و چالاکییە بەردەوامەکانیان، ستایشی خەبات و قوربانیدانی خەڵکی سنووری چەمچەماڵی کرد لە شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا و رایگەیاند؛ "خەڵکی چەمچەماڵ بە رۆح یەکێتین". هاوکات تیشیکی خستەسەر ئەرکی کادر و ئەندامانی یەکێتی لە سنوورەکە کە راستکردنەوەی هەڵەکان و تەرخانکردنی تەواوی تواناکانە، لەپێناو خزمەتکردنی تەواوی چین وتوێژەکان. هانیشیدان ئەوپەڕی وزە و تواناکانی خۆیان بخەنەگەڕ، بۆ سەرخستنی لیستی 222ی یەکێتی لە کەرکوک و سلێمانی، بەو پێیەی بەشێک لە دانیشتوانی ناوچەکە دانگدانیان لە کەرکوکە.
لەبەرانبەردا لێپرسراوی مەڵبەند تەئکیدی کردەوە کە تەواوی کادران و ئەندامانی یەکێتی، مەردانە شانیان داوەتەبەر ئەرکی خزمەتکردنی خەڵک و کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ کاندیدانی یەکێتی و لەرووەوە بە ورەیەکی پۆڵاینەوە سەرقاڵی کارەکانیان.
هەر ئەمڕۆ هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن سەردانی بازنەی هەڵبژاردنی 31ی چەمچەماڵ- کەرکوکی کرد و لەلایەن هەڤاڵ وەستا رەسوڵ، لێپرسراوی بازنە و ستافی بازنەکەوە بە گەرمیی پێشوازیی لێکرا.
لەدیدارێکدا هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن، دەستخۆشی لە لێپرسراو و ستافی بازنە کرد کە بەڕۆحێکی بەرزی یەکێتییانەوە هەڵمەتی بانگەشەیەکی هێمنانەیان دەستپێکردووە، هیواشی خواست کە دەرەنجامی هەوڵەکانیان بەدەستهێنانی دەنگێکی زۆرتر بێت لە هەڵبژاردنی پێشوو و گەشبینی خۆی لەو بارەیەوە دەربڕی.
لەبەرانبەردا هەڤاڵ وەستا رەسوڵ، کورتەیەکی لەسەر هەڵمەتی ماڵ بەماڵی تیمەکان و کارو چالاکییەکانیان بە داتا و زانیاریی خستەڕوو و ئەوەی روونکردنەوەی کە بەدەنگەوەهاتنی خەڵک بۆ تیمەکانی بازنەکەیان لەئاستێکی زۆر بەرزو دڵخۆشکەرانەدایە و دڵسۆزی کۆمەڵانی خەڵک بۆ یەکێتییەکەی خۆیان و کاندیدەکانی لیستی 222 لە کەرکوک و چەمچەماڵ شیاوی رێزو پێزانینە.