/   هەواڵی ئەنجومەن

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ستایشی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە کەمئەندامبووەکانی سەنگەر دەکات

2025-10-14
ئەمڕۆ سێشەممە 14ی تەشرینی یەکەمی 2025، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن، پێشوازییکرد لە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندامبووەکانی سەنگەر.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە هەریەک لە هەڤاڵان جوتیار نوری و فوئاد حاجی ئەبابەکر سکرتێری کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندامبووەکانی سەنگەر و د. رێکەوت حەمەڕەشید سەرۆکی لیستی 222ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی و شوان موغاغی ئامادەیبوون، هەڤاڵ شێخ جەعفەر ستایشی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە کەمئەندامبووەکانی سەنگەری کرد و پێیڕاگەیاندن؛ هەموومان شانازیتان پێوەدەکەین و خۆشحاڵین کە هەڤاڵ و هاوسەنگەری ئێوەین. ئەوەشی بەبیرهێنانەوە کە رەوانشاد سەرۆک مام جەلال نازناوی شەهیدی زیندووی پێبەخشیوون و بەڕاستی شایستەی ئەو نازناوەن، چونکە هەمووتان لەلێواری مەرگ گەڕاونەتەوەو بەشێکی جەستەتان لەپێناو خەڵک و خاکی پیرۆزی کوردستاندا لەدەستداوە.
پاشان تیشکیخستەسەر جوامێریی ئەو توێژە گرنگەی کۆمەڵ و جەختیکردەوە کە هەرگیز یەکێتی و گەلی کوردستان، تێکۆشانی ئەوان لەبیرناکات کە تەنانەت دوای کەمئەندامبوونیشیان لە رۆژە سەختەکاندا بەشداریی بەرچاویان کردووە لە داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانی میللەت و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و لەو رێبازەشدا هەندێکیان شەهیدبوون و هەندێکی دیکەشیان جارێکی تر کەمئەندامبوونەتەوە، هەربۆیە شیاوی ئەوەن زیاتر خزمەت بکرێن و دووپاتیکردەوە کە هەمیشە پشتیوانیان دەبێت و بەپێی توانا کار بۆ جێبەجێکردنی داواکانیان دەکات.
دواتر لێپرسراوی ئەنجومەن، هاتەسەر باسی دوا پێشهاتەکانی رەوشی سیاسی ئێستای کوردستان و عیراق و لەبارەی بەشداریی کەمئەندامبووانی سەنگەر و کەسوکاریان لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، روونیکردەوە کە ئێوە خۆتان خاوەنی لیستی 222ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن و هەروەک چۆن لەرابردوودا لەتێکۆشانی چەکداریدا رۆڵی مەردانەتان هەبووە، پێویستە ئێستاش لە نەبەردیی هەڵبژاردندا جێ دەستان دیار بێت و بەهەموومانەوە کاربکەین بۆ رەوانەکردنی زۆرترین کاندیدی لیستەکەمان بۆ پەرلەمانی عیراق کە سەرەنجام گوڕوتینێکی زیاتر بە جێبەجێکردنی بەرنامەی لیستی 222 دەبەخشێت و دەتوانین  باشتر داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵانی خەڵک بکەین، لەوانەش دەرچواندنی یاسایەک کە خزمەتی شایستە بە کەمئەندامانی سەنگەر بکات، جگە لەوەش بەسەرخستنی لیستەکەمان دەتوانین رۆڵێکی کاراترمان هەبێت لە پرۆسەی سیاسی عیراقدا، هەروک چۆن لەهەڵبژاردنی پێشوودا توانیمان لەڕێی دەنگەکانمانەوە هاوسەنگی هێز لە عیراق بگۆڕین. پێشبینی ئەوەشیکرد کە ئەمجارەش دەنگی زیاتر دەهێنینەوەو ئاهەنگی سەرکەوتنی رێبازی سەرۆک مام جەلال و لیستی 222 دەگێڕین.
لەبەشێکی کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە هەڤاڵان فوئاد حاجی ئەبابەکر و د. رێکەوت حەمەڕەشید وتەیان پێشکەشکرد و تێیدا باسیان لە بایەخ و گرنگی سەرخستنی لیستی 222 کرد، هەروەک ژمارەیەک لە کاندیدانی لیستەکە خۆیان بە ئامادەبووان ناساند.

زیاتر بخوێنەوە