/   کوردستان
پەیامیک لە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە
2025-10-03
لە هەشتەمین ساڵیادی ماڵئاوایی سەرکردە و ڕابەر و سەرمەشقی شۆڕشی نوێی کوردایەتی، سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق هەڤاڵ مام جەلالدا، سەری ڕێز و وەفا بۆ گڵکۆ و ئارامگەی پڕ لە شانازیی و خەبات و تێکۆشانی دادەنەوێنم.
هەڤاڵ مام جەلال هێمایەک بوو بۆ خەبات و خۆڕاگریی و سەرکەوتن، هەروەها سەرکردەیەکی دانا، دڵسۆز و خاوەن هەڵوێست بوو، بیری نەتەوایەتیی هەرگیز نەبوبوو بە کۆسپ لەبەردەم جوولە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی، ئەو ماف و ئازادی بۆ گشت نەتەوە و پێکهاتەکان لە عێراق وەک یەک دەویست، باوەڕی تەواوی بە گفتووگۆکان هەبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە کەناری ئارامی، هەمیشە لە هەوڵی هێنانەکایەی برایەتی و یەکڕیزیی نێوان گشت پێکهاتەکانی عێراق بە گشتی دابوو.
لەم یادە پڕ لە شکۆ و مێژوییەدا، هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی ئەو سەرکردە مەزنە و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بێت.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/١٠/٣