ئەمڕۆ سێشەممە 30ی ئەیلولی 2025، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن، پێشوازییکرد لە کۆمەڵێک هاوڵاتیی عەرەبی سنووری مەڵبەندی رێکخستنی نەینەوا.
لەدیدارێکدا کە هەڤاڵان، جوتیار نوری و سمکۆ ئەسعەد راوێژکاری ئەنجومەن و رەمزی هەرکی لێپرسراوی نووسینگەی ئاوارەکانی نەینەوا لە سلێمانی ئامادەیبوون، لێپرسراوی ئەنجومەن، باسی لە نەخشی گرنگی دانیشتوانی سنووری نەینەوا لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی کوردستان و عیراقدا کرد کە هەردەم رۆڵی گەورەو بەرچاویان هەبووە. ئەوەشی خستەڕوو کە سرووشتی موسڵ و ناوچەکانی دیکەی نەینەوا وایە کە لە چەندین نەتەوە و ئاین و ئاینزای جیاجیا پێکهاتوون و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و تەنانەت خزمایەتیشتان لەنێواندا هەیە، هیچ کات جیاوازیی لەنێوانتاندا نەبووە، ئەگەرچی دەسەڵاتدارانی پێشوو هەوڵی زۆریان داوە کەلێن بخەنە نێوانتانەوە، بەڵام کوردانی ناوچەکە و ئێوەش شکستتان بەو هەوڵانە هێناوە، ئەوەش کاریگەریی ئەرێنی هەبوو لەسەر پتەوکردنی پەیوەندی نێوان پێکهاتە جیاجیاکان و سەرەنجام پەرەپێدانی گیانی پێکەوەژیان و برایەتی و لێبوردەیی.
هاوکات سیاسەت و تێڕوانینی نیشتمانیی و مرۆڤدۆستانەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی بۆ ئامادەبووان روونکردنەوە کە بڕوای بە ئازادی و فرەڕەنگی کۆمەڵگە و کەلتوورە جیاوازەکان هەیە، ئەوەشی بەنموونە هێنایەوە کە هەمیشە ژمارەیەک لە کاندیدەکانی یەکێتی بۆ پەرلەمانی عیراق، بریتین لە نوێنەرانی عەرەب و نەتەوەکانی تر.
لەکۆتایی دیدارەکەشدا، هەڤاڵ شێخ جەعفەر، وتی: لەمێژووی عیراقدا زۆربەی گۆڕانکارییە سیاسییەکان بە زەبری هێز ئەنجام دراون، بەڵام ئێستا لە سەردەمێکی نوێداین و هیوادارین لەمەودوا هەمووان هاوکاربین بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکان لەڕێی خەباتی مەدەنی و پەرلەمانییەوە بێت و بۆ ئەو مەبەستەش یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ئامادەی هەموو پاڵپشتییەکە و بەو پەڕی توانایەوە کار بۆ سەرخستنی ئەو ئامانجە رەوایانە دەکات کە لەکۆتاییدا خۆشگوزەرانی و دیموکراسی بۆ گەلانی عیراق فەراهەم دەکەن.