/   هەواڵی ئەنجومەن

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا پێشوازیی لەژمارەیەک میدیاکارو رۆژنامەنووسی عیراق دەکات

2025-09-28

ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی ئەیلول، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشوازیکرد لە ژمارەیەک میدیاکارو رۆژنامەنووسی پارێزگاکانی عیراق کە سەر بە یەکێتی ئێستگە و تەلەفزیۆنەکانی عیراق بوون.
لەدیدارێکدا کە سمکۆ ئەسعەد راوێژکاری ئەنجومەن ئامادەیبوو، لێپرسراوی ئەنجومەن، باسی لە رۆڵی میدیاکارو رۆژنامەنووسان کرد لە پتەوکردنی گیانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە جیاجیاکانی عیراق، ئەوەش لەڕێی ئەو بابەت و راپۆرت و هەواڵانەی کە هانی لێوردەیی و برایەتی دەدەن.
لەو چوارچێوەیەدا لێپرسراوی ئەنجومەن جەختی کردەوە کە هیچ هێزێک نییە بتوانێت برایەتی و تەبایی نێوان کورد و گەلانی تری عیراق تێکبدات، ئەوەشی وەبیر ئامادەبووان هێنایەوە کە بەدرێژایی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کوردستان، کورد گرفتی لەگەڵ عەرەب و گەلانی دیکەی عیراقدا نەبووە، بەڵکو کێشەی لەگەڵ بیری رەگەزپەرستانەی ئەو دەسەڵاتدارانەی بەغدا هەبووە کە مافی هاوڵاتیبوون و هاوبەشیکردنی کوردیان لە دەسەڵاتی سیاسیدا قبوڵ نەکردووە، لەئێستاشدا بارودۆخێکی گونجاو هاتووەتەکایەوە بۆ نەهێشتنی شوێنەوارەکانی سیاسەتی وەلانان و سڕینەوەی بەرانبەر کە رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق پەیڕەویان دەکرد، لەو نێوەندەشدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاری لێبڕاوانەی کردووەو بەردەوامیش دەبێت لەو رێبازەیدا.
لەبەرانبەردا، میدیاکارو رۆژنامەنووسانی عیراق، ستایشی رۆڵی هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا-یان کرد کە بەردەوام پشتیوانی میدیاکارو رۆژنامەنووسان دەکات، هەروەک هەوڵەکانی لێپرسراوی ئەنجومەنیان بەگرنگ و کاریگەر وەسفکرد لە قووڵکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و یەکتر قبوڵکردن، سەرباری تەئکیدکردنەوەیان لە بایەخی پەرەپێدانی رایەڵەکانی پەیوەندی میدیایی و کەلتووری وگەشتیاریی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عیراق، بەتایبەتی بەسرەو پارێزگاکانی دیکەی ناوەڕاست و باشوور.

زیاتر بخوێنەوە