/   کوردستان
جێگری سەرۆکی هەرێم لەگەڵ فەرماندەی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیا کۆبووەوە
2025-09-22
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥/٩/٢٢ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بەڕێز کۆڵۆنێڵ سێباستیان کلنک، فەرماندەی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاری و بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە، بەردەوامیی هاریکارییە سەربازییەکانی ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگە، یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان لایەنە سیاسییەکان و پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، تاوتوێ کران.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەدا، مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە، هەروەها کاری هاوبەش و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە و سوپای عێراق، خرانە بەر باس. لەمبارەیەوە بەڕێز جێگری سەرۆک، ڕۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشی لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەدا، بە پێویست و کاریگەر لەقەڵەم دا.
لای خۆیانەوە شاندی میوان، بە بایەخەوە لە هاوکاری و هاریکاریی هاوبەشی نێوان وڵاتەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق دوان و جەختیان لە بەردەوامیی پشتیوانییە سەربازییەکانیان بۆ پێشمەرگە کردەوە.