/   کوردستان

جێگری سەرۆکی هەرێم لەگەڵ بەرپرسی کاروباری سیاسی و ئابوریی کونسوڵخانەی ئەمریکا کۆبووەوە

2025-09-15


ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥/٩/١٥ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بەڕێز مازن الفقیە، بەرپرسی کاروباری سیاسی و ئابوریی کونسولخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بیری داعش و هەڕەشە و مەترسییەکانی بۆ سەر ناوچەکە، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر ـ بەغدا و پرسی مووچه‌ و شایستە‌ داراییەکانی هه‌رێمی كوردستان، گفتووگۆیان لەبارەوە کرا.

جێگری سەرۆکی هەرێم، ڕۆڵ و کاریگەری هێزەکانی ئەمریکای لە چوارچێوەی ‏هاوپەیمانيی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە ناوچەکەدا بەرز نرخاند، هەروەها پشتگیری و هەماهەنگیی زیاتری هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان دووپات کردەوە، لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پرۆسەی چاکسازیی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە خرایە بەر باس و هەردوولا لەسەر پێویستیی سەرخستنی پرۆسەکە و خێراکردنی ئەو قۆناغانەی کە ماون، هاوڕا بوون.

ڕووداو و پەرەسەندنەکانی ووڵاتانی دەوروبەر لەگەڵ گرژی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو، تیایدا بیروڕا لەبارەی لێکەوتەکانیان بەسەر ناوچەکەوە، ئاڵوگۆڕ کرا.

زیاتر بخوێنەوە