/   هەواڵی ئەنجومەن

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەگەڵ بەشی کۆمەڵایەتی مەکتەبی رێکخستن کۆبووەوە

2025-08-16
 
ئەمڕۆ شەممە 16ی ئاب، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی کۆمەڵایەتی سەر بە بەشی کۆمەڵایەتی مەکتەبی رێکخستن کۆبوووە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە هەڤاڵانی ئەنجومەن، ئامادەیبوون، لێپرسراوی ئەنجومەن، ستایشی رۆڵی کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و بەشەکانی مەکتەبی کۆمەڵایەتی کرد و رایگەیاند؛ مەکتەبی کۆمەڵایەتی درێژکراوەی ئەنجومەنی گوندەکانی سەردەمی شۆڕشی نوێیە، روونیشیکردەوە کە بەحوکمی تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی کوردەواریی، هەر لە سەردەمی شۆڕشی شاخەوە تا دوای راپەڕین و تەنانەت ئەم سەردەمەی ئێستاشمان، شان بەشانی دامەزراوە یاساییەکان، بەشەکانی کۆمەڵایەتی توانیویانە ببنە فاکتەری چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە خەڵکی کوردستان هەمیشە بەچاوی برا گەورەو چاکسازی کۆمەڵایەتی لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانیان روانیووە.
 
ئەوەشی بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە کە یەکێتی، مەکتەبی کۆمەڵایەتی بە یەکێک لە مەکتەبە گرنگەکان هەژمار دەکات و پێشتریش سەرۆک مام جەلال بەردەوام گرنگی بە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و بەشەکانی کۆمەڵایەتی دەدا و هەمیشە پاڵپشتی دەکردن و لەپەیوەندیدا بوو لەگەڵیان.
 
پاشان تیشکی خستەسەر دوا پێشهاتەکانی بارودۆخی سیاسی هەرێم و جەختیکردەوە لە پێویستی چارەسەکردنی کێشەکانی خەڵک، بەتایبەتی بابەتی بژێویی هاوڵاتیان و دوپاتیکردەوە کە یەکێتی وەک حزبێکی نیشتمانیی خاوەن زۆرترین شەهید و بەرپرس لە ژیان و گوزرەرانی کۆمەڵانی خەڵک، هەموو هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ چارەسەکردنی کێشەو گرفتەکان و ئێوەش لەو نێوەندەدا دەبێت هاوکاربن و رۆڵتان هەبێت.
 
هەر لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا، چەندین کەسایەتی کۆمەڵایەتی، راو سەرنجی خۆیان سەبارەت بە کۆمەڵێک بابەت دەربڕی و لەلایەن لێپرسراوی ئەنجومەنەوە بەبایەخەوە وەڵامدرانەوە.
 
دوابەدوای کۆبوونەوەکەش، لەسەر ئەرکی هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان، نیوەڕۆخوانێک بۆ ئامادەبووان سازکرا.
 

زیاتر بخوێنەوە