/   کوردستان
جێگری سهرۆکی هەرێم لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا کۆبووەوە
2025-08-04
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥/٨/٤، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بەڕێز تۆماسۆ سانسۆنی، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، پرۆسەی چاکسازیی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە، مەترسییەکانی داعش و بیری توندڕەوی لە ناوچەکە و بەردەوامبوونی مەشق و ڕاهێنانەکان بە پێشمەرگە، گفتووگۆیان لەبارەوە کرا.
هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان ئیتاڵیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە، هەروەها لە سەر پرسی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا و گفتووگۆ و لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولایان لە سەر بنەمای دەستووری عێراق بە گرنگ زانی، لەپێناو گەیشتن بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی کۆی پرسە هەڵواسراوەکانی نێوانیان.
پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی چاوەڕوانکراوی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەوەرێکی دیکەی گفتووگۆکان بوو.