/   کوردستان

پەیامی جێگری سەرۆکی هەرێم لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەکاندا

2025-08-03
ئەمڕۆ یازدە ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزیدیماندا، لەم ڕۆژەدا بە شکۆوە یادی قوربانییانی ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە دەکەینەوە، کە لەگەڵ هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق کەوتنە بەر لێشاوی هێرش و پەلاماردانێکی دڕندانە.
خوشک و برا ئێزیدییەکانی شنگال و دەوروبەری، یەکەم قوربانی دەستی تیرۆریستانی داعش بوون لە ناوچەکەدا، هاوشێوەی ئەنفال و کیمیابارانکردنی نەتەوەکەمان بە دڕندانەترین شێوە لە خاک و نیشتیمانی خۆیان کەوتنە بەر لێشاوی جینۆسایدکردن و ئاوارەیی و دەربەدەری، بێ جیاوازی کۆمەڵکوژکران و شوێنە پیرۆز و مێژووییەکانیان لێ خاپوور کرا.
لێرەدا گرنگە خاڵەکانی نێو ڕێککەوتنامەی شنگال وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، لەپێناو ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی سەرشانی حکوومەتی عێراقە کە لە ئاست بەرپرسیارێتیدا قەرەبووی ماددی و مەعنەوی کەسوکاری قوربانییانی ئەم تاوانە بکاتەوە، لە هەمان کاتدا پێویستە هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق، لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت بۆ دۆزینەوە و چارەنووسی ڕفێنراوەکان و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شنگال و گشت شەهیدانی کوردستان بێت، سەربەرزیش بۆ کەسوکارەکانیان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/٨/٣

زیاتر بخوێنەوە