لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ناوچەی گەرمیان، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی بنەماڵەی رۆستەم ئاغای زەنگەنەی كرد لە گوندی خانی رۆستەم ئاغا، لە ناحیەی ئاوەسپی سەر بەقەزای کفری و لەلایەن کاک محەممەد رۆستەم ئاغا و ژمارەیەک لە خزمان و دانیشتوانی گوندەکەوە بە گەرمیی پێشوازی لێکرا.
لەدیدارێکدا،لێپرسراوی ئەنجومەن، تیشكی خستەسەر گرنگی ناوچەکە و رۆڵی دانیشتوانی سنوورەكە لە شۆڕشە یەك لەدوای یەكەكانی کوردستان، بەتایبەتی شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا، ئاماژەی بەوەکرد کە دانیشتوانی دێهاتەکانی ئەم ناوچەیە بەهۆی هەڵوێستی جوامێرانەی خۆیان و پشتیوانیکردنی شۆڕش و پێشمەرگەوە رووبەڕووی ئەنفال و دڕندانەترین شێوازی چەوساندنەوەبوون، هەربۆیە شایستەی ئەوەن بەباشترین شێوە خزمەت بکرێن.
لەبەرانبەردا، کاک محەممەد رۆستەم ئاغا، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی هەڤاڵ شێخ جەعفەر دەربڕی کە هەمیشە بەپێزانین و رێزەوە لە قوربانی و ماندووبوونی گوندنشینانی کوردستان دەڕوانێت و پێشنیاری ئاوادنکردنەوەی زیاتری ناوچەکانی ئەوان و تەواوی ئەو گوندانە دەکات کە سەردەمانێکی زۆر لانکە و مەکوێ پێشمەرگە بوون.
رۆستەم ئاغای زەنگەنە، كەسایەتییەكی دیاری گەرمیان و کوردستان بوو، هاوڕێی سەرۆك مام جلال بوو لە ساڵی 1984 لە تەمەنی 109 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە.