ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ی تەمووزی 2025، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەک لە تێکۆشەران و ئەندامانی سەرکردایەتی، سەردانی مەڵبەندی رێکخستنی گەرمیانی کرد لە شاری کەلار و لەلایەن هەڤاڵ سالار مەحمود لێپرسراوی مەڵبەند و کادرانی ئەنجومەنی مەڵبەندەوە بە گەرمیی پێشوازیی لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکەدا لێپرسراوی ئەنجومەن، ستایشی کار و خەباتی کادرو ئەندامانی سنووری مەڵبەندی گەرمیانی کرد و پێی راگەیاندن کە رێکخستنە تێکۆشەرەکانی گەرمیان هەر لە سەردەمی خەباتی دژ بە رژێمی بەعسەوە تا قۆناغی دوای راپەڕین و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ماندوونەناسانە ئەرکە رێکخراوەییەکانی خۆیان جێبەجێ کردووەو نموونەی کەسانی دڵسۆزو ئازاو بەوەفا بوون و هەردەم داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافی رەوای میللەتەکەمان بوون.
پاشان، ئاماژەی بە قوربانیدانی بێ شوماری خەڵکی گەرمیان کرد کە هەمیشە لەرێزی پێشەوەی تێکۆشانی میللەتەکەمان بوون و لەپای ئەو هەڵوێستە جوامێرانەشیان، بەردەوام خۆیان و ناوچەکەیان رووبەڕووی زەبروزەنگی داگیرکەری بەعس و ئەنفال و راگواستن بوونەتەوەو نەهامەتی زۆریان چەشتووە، هەربۆیە شیاوی ئەوەن خزمەتی زیاتریان بکرێت.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا هەڤاڵ شێخ جەعفەر، جەختیکردەوە کە بەهێزبوونی یەکێتی واتای گەشانەوەو بەهێزبوونەوەی کوردایەتییە و سەرەنجام دەتوانین لەو رێگەیەوە باشتر داکۆکی لە مافەڕەواکانی خەڵکی کوردستان بکەین، بۆیە دەبێت لەو بارەیەوە کاری جددی و لێبڕوانە بکەین.
دواتر، تیشکخرایەسەر کۆمەڵێک بابەتی رێکخراوەیی و لەو رووەوە لێپرسراوی مەڵبەند کورتەباسێکی سەبارەت بە کارو چالاکییەکانی مەڵبەندو کادرەکانی لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا پێشکەشکرد و لەونێوەندەشدا چەندین پێشنیار و تێڕوانینی بنیاتنەرانە خرانەڕوو، لەپێناو زیاتر پەرەپێدانی ئەرک و کارە رێکخراوەییەکاندا.