/   کوردستان

جێگری سەرۆکی هەرێم پێشوازی لە شاندێکی سەربازیی هێزی تایبەتی ئیتاڵیا کرد

2025-07-29
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٥/٧/٢٩، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێزان رائد پێترۆ سەلێری، فەرماندەی نوێی سەربازیی هێزی تایبەتی ئیتاڵیا و رائد جیانلوکا فروچی، فەرماندەی سەربازیی هێزی تایبەتی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە دیدارێکدا به‌ڕێز جێگری سەرۆکی هەرێم، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە بەڕێز رائد پێترۆ سەلێری کرد و بە پێزانینیشەوە، باسی لە کارەکانی بەڕێز رائد جیانلوکا فروچی کرد، کە لە ماوەی ڕابردوودا وەک فەرماندەی سەربازیی هێزی تایبەتی ئیتاڵیا، ڕۆڵی گرنگی لە پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی پێشمەرگە گێڕاوە، هەروەها بە بایەخەوە لە ئەرکی هێزەکانی ئیتاڵیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش دوا.
لای خۆیەوە بەڕێز پێترۆ سەلێری، فەرماندەی نوێی سەربازیی هێزی تایبەتی ئیتاڵیا، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە ئەرکە نوێیەکەی لە هەرێمی کوردستان، لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا دوا و جەختیشی لە پەرەپێدانی مەشق و ڕاهێنانەکان بە پێشمەرگە، کردەوە.

زیاتر بخوێنەوە