/   کوردستان
جێگری سەرۆکی هەرێم لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئەمریکا کۆبووەوە
2025-07-21
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥/٧/٢١ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێز ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکان و بارودۆخی سیاسیی و ئەمنی ناوچەکە، پڕۆسەی چاکسازیی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم، باسیان لێوەکرا.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا هەردوولا جەختیان لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها هاوڕابوون کە دەبێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای گفتووگۆ و لێکتێگەیشتن لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بکرێن.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا بەڕێز جێگری سەرۆکی هەرێم، تیشکی خستەسەر مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکەدا و جەختی لە گرنگی هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزی هاوپەیمانان کردەوە، لەپێناو پاراستن و سەقامگیری ئاسایشی ناوچەکە.
هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گۆڕانکاریی و پەرەسەندنەکانی دۆخی سوریا و کێشە و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەوەرێکی دیکەی گفتووگۆکان بوو.