ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٥/٧/٢٠ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێز ئەندرۆ بیزڵی، کونسوڵی گشتیی بریتانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و هەماهەنگیی و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان، گفتوگۆیان لە بارەوە کرا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لە بەردەوامبوون و فراوانکردنی پەیوەندییەکان کردەوە و هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە کێشەکانی هەولێر ـ بەغدا، بە گفتوگۆ و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن، هەروەها دووپاتیان کردەوە کە تیرۆریستانی داعش تاکو ئێستاش مەترسین بۆ سەر عێراق و ناوچەکە بەگشتی، لەمبارەیەوە کاری هاوبەش و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە و سوپای عێراقیان بە پێویست زانی.
لە بەشێکی دیکەی گفتووگۆکانی کۆبوونەوەکەدا، کە بەڕێز کۆڵۆنێڵ کریس هەیمڵ، ڕاوێژکاری سەربازیی هێزی هاوپەیمانیی بۆ ڕیفۆرمی پێشمەرگە ئامادەی بوو، چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا، بە گرنگییەوە باسی لێوەکرا.