ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی تەمووزی 2025، هەڤاڵ ئاسۆ مامەند ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەهۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی یەدەگ کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە ژمارەیەک لە هەڤاڵانی سەرکردایەتی و سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی ئامادەیبوون، سەرەتا، هەڤاڵ وەستا رەسوڵ فەرماندەی فەرماندەیی هێزی یەدەگ، لە وتەیەکدا، باسی لە رۆڵی گرنگی فەرماندەکانی هێزی یەدەگ کرد، کە بەردەوام نەخشی بەرچاویان هەبووە لە پاراستنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان و سەربازێکی ئامادەبوون بۆ داکۆکیکردن لە سەروەری و خاکی هەرێم. پاشان ستایشی رۆڵی دیاری هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفای کرد لە پشتیوانیکردنی فەرماندەیی هێزی یەدەگ و گرنگیدان بە ئەرک و مافەکانی هەڤاڵانی فەرماندەییەکە و کۆکردنەوەیان لەکات و ساتی پێویستدا.
دواتر هەڤاڵ ئاسۆ مامەند، خەباتی بێ وچانی ئەندامانی هێزی یەدەگی بەرزنرخاندو پێی راگەیاندن؛ ئێوە لە هەموو کەسێک زیاتر خاوەنی قوربانی و تێکۆشانی میللەتەکەمانن و دڵسۆزی دەستکەوتەکانن.
لەبەشێکی قسەکانیدا، تیشکی خستەسەر دوا پێشهاتە سیاسییەکان، بەتایبەتی هەوڵەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، کە بەئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەیدات کە پێشبینی دەکرێت ئەنجامی دڵخۆشکەرانەیان هەبێت و کۆتایی بە مەینەتییەکانی مووچەخۆران بهێنێت.
باسی لەوەشکرد کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەختی رەوشی بژێویی خەڵک تێدەگات و هەموو هەوڵەکانی بە ئاراستەی چارەسەرکردنی گرفتەکان و هێورکردنەوەی دۆخەکە چڕکردووەتەوە، ئەوەش بە ئەرک و کاری لەپێشینەی خۆی دەزانێت.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا هەڤاڵ مەحمود سەنگاوی سەرکردەی دێرینی یەکێتی، وتەیەکی پێشکەشکرد، دواتر ژمارەیەک لە فەرماندەکانی هێزی یەدەک پرسیار و سەرنجەکانیان خستەڕوو و لەلایەن هەڤاڵانی سەرکردایەتییەوە وەڵامدرانەوە.
دوای کۆبوونەوەکەش، لەسەر ئەرکی هەڤاڵ شێخ جەعفەر، نیوەڕۆخوانێک بۆ ئامادەبووان سازکرا.