ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥/٧/١٤ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بارەگای فەوجی دووی کۆماندۆی لە قەزای کۆیە و بارەگاى ليواى (٧١٣)ی تايبەتى هيزەكانى حەفتا و هێزی یەدەکی پێشمەرگەی لە شاری هەولێر کرد و لە لایەن فەرماندەی لیوا و فەوج و ئەفسەرانی باڵا و پێشمەرگەوە پێشوازیەکی گەرمی لێکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز جێگری سەرۆکی هەرێم ڕۆڵ و ئازایەتیی هێزی پێشمەرگەی لە گشت قۆناغەکانی پاراستن و بەرگری لە خاک و ووڵاتدا بەرز نرخاند، هەروەها جەختی کردەوە کە دەبێت سەنگەرەکان و ئەو بنکانەی کەوا هێزی پێشمەرگەی تێدا جێگیر کراوە لە ڕووی پيداویستییە سەربازییەکانەوە گرنگی زیاتریان پێ بدرێت، چونکە تیرۆریستانی داعش تا ئێستاش مەترسیی ڕاستەقینەن بۆ سەر ئاسایش و ئەمنی ناوچەکە بە گشتی.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا بەڕێز جێگری سەرۆکی هەرێم، تیشکی خستە سەر کێشەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم، هیوای خواست بە زووترین کات و لە چوارچیوەی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی کوردستان نەبن بە قوربانی کێشە سیاسییەکان.
لای خۆیانەوە فەرماندەی لیوا و ئەفسەرانی باڵای فەوج، سوپاس و ستایشی سەردان و پشتیوانییەکانی بەڕێز جێگری سەرۆکی هەرێمیان کرد، هیوایان خواست ئەم جۆرە کۆبوونەوانە بەردەوامیان هەبێت بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی کاروباری لیواکان و هێزی پێشمەرگە لە ڕووی ڕێکخستن و ئاگاداربوون لە کێشە و گیروگرفتەکان و چارەسەرکردنیان لە چوارچێوەی کاروبارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.