/   ی.ن.ک
دەقی راگەیەندراوی كۆبوونەوەی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان
2025-07-14
دوای کۆبوونەوەی هەردوو وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، راگەیەندراوێکی هاوبەش بڵاوکرایەوە، ئەمە دەقەکەیەتی:
- ئەمڕۆ 14ـی تەمموزی 2025 بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و شاندی یاوەری کرد و کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدرا، سەبارەت بە رووداو و پێشهاتەکان و کێشە و گرفتەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بە تایبەتی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دوای گفتوگۆ و بیروڕاگۆڕینەوە و لێکدانەوەی هەموو ڕەهەندەکان لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەردوولا هاوڕابوون هەموو هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ چارەسەری کێشەکە و دابینکردنی مووچە وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و تەواوی ئەو هەنگاوانەی پیویستن لە چوارچێوەی دەستووردا بە ئاراستەی چارەسەرکردن بە هاوئاهەنگی هەردوولا بهاوێژرین.
بەشێكی دیکەی کۆبوونەوە تەرخانبوو بۆ زیاتر پتەوکردنەوەی پەیوەندی پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان تێپەڕێنن و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بکەین.
لێرەدا کۆبوونەوە جەختی لەسەر بەخشستنی هەڵوێستی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق کردەوە کە هاوکار و پشتیوان بن لە چارەسەری ئەم کێشەیە.