ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٥/٧/١ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بهڕێز کۆڵۆنێڵ پیتەر کوپەر، فەرماندەی سەربازیی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە دوایین بارودۆخی ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتیی کرا، هەروەها دەربارەی شانە نووستوەکانی داعش و پاشماوەکانی تیرۆر و مەترسییەکانیان بۆ سەر ناوچەکە، گفتووگۆ کرا.
هەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی و برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان ووڵاتی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان کردەوە و ڕۆڵ و گرنگی هێزەکانی هاوپەیمانیی ئەڵمانیا و هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بە گرنگ زانی.
دوایین پێشهات و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، پرۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد لە چوارچێوەی دەستوور، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.