ئەمڕۆ سێشەممە 3ی حوزەیرانی 2025، بەئامادەبوونی هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هوڵی ئەنجومەن، رێوڕەسمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی (سەنگەر و خوێن) بەڕێوەچوو کە لە کۆکردنەوەو ئامادەکردنی خاتوو (ئەمیرە محەممەد)ە و باس لە تێکۆشان و قوربانی پێشمەرگە کەم ئەندام بووەکانی سەنگەر دەکات.
لەو رێوڕەسمەدا کە بەهەمانگی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و بۆردی هۆشیاری و کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندام بووەکانی سەنگەر و ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگە کەم ئەندامبووەکانی سەنگەر بەڕێوەچوو، هەڤاڵ شێخ جەعفەر لە وتەیەکدا وێڕای دەستخۆشیکردن و بەرزنرخاندنی هەوڵ و ماندووبوونی ئامادەکاری کتێبەکە کە ئەرکێکی زۆری کێشاوە لە کۆکردنەوەو ئامادەکردنی ئەو کتێبە بەپێزەدا، هیوای خواست ئەو جۆرە هەوڵانە درێژەیان هەبێت، بەئامانجی دیکۆمێنتکردنی وردەکاریی قۆناغە جیاجیاکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان.
هاوکات تیشکی خستەسەر رەنج و تێکۆشانی پێشمەرگە کەم ئەندام بووەکانی سەنگەر و رایگەیاند؛ ئەم توێژە خەباتگێڕە ژیانی خۆیان و کەسوکارەکانیان بۆ سەرفرازیی میللەتەکەیان تەرخان کردووەو جێ دەستیان لە ئازدای خەڵکی کوردستاندا دیارە، هەربۆیە جێگای شانازی خۆیان و خانەوادەکانیان و تەواوی خەڵکی کوردستانن، بەڵام بەداخەوە تائێستا وەکو پێویست خزمەت نەکراون، بۆیە پێویستە پەرلەمان و حکومەتی هەرێم، بەیاسا ماف و پێداویستییەکانیان بۆ فەراهەم بکات.
لەبەشێکی تری وتەکەیدا، هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن، سوپاسی هەڤاڵ شێخ ئەحمەد شێخ کەریمی کرد کە دیاری بۆ 70 پێشمەرگەی کەم ئەندام بووی سەنگەری بەشداربوو لە رێوڕەسمەکە دابین کردووە.
دواتر ئامادەکاری کتێبەکە، لە وتەیەکدا سوپاسی هەڤاڵ شێخ جەعفەرو و بۆردی هۆشیاری و هەموو ئەو کەس ولایەنانەی کرد کە هاوکاری بوون لە ئامادەکردنی کتێبەکەدا.
لەبەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا هەریەک لە هەڤاڵان زیادی شەهید جەبار و فوئاد حاجی عەبابەکر وتەیان پێشکەش کرد.
لە کۆتایشدا خەڵاتی رێزلێنان و دیاری و کۆپییەکی کتێبەکە بەسەر هەریەک لە پێشمەرگە کەم ئەندام بووەکانی سەنگەردا دابەشکرا و دوای رێوڕەسمەکەش لەسەر ئەرکی هەڤاڵ شێخ جەعفەر، لەبارەگای ئەنجومەن، نیوەڕۆخوانێک بۆ پێشمەرگە کەم ئەندام بووەکانی سەنگەرو تەواوی ئامادەبووان رێکخرا.