ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە ٢٠٢٥/٦/١ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێز دانیێل هون، باڵیۆزی سویسرا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان سویسرا و هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و چەند پرسێکی هاوبەش و جێی بایەخی نێوان هەردوولا، تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان ووڵاتی سویسرا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیان بە گرنگ زانی، لەپێناو پێکهێنان و دامەزراندنی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.