/   کوردستان

جێگری سەرۆکی هەرێم لەگەڵ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا کۆبووەوە

2025-05-27
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٥/٥/٢٧ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێز ئەندرۆ بیزڵی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە کرا، هەروەها ڕۆڵی بەریتانیا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش و هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەرز نرخێندرا.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرایەوە، هەروەها باس لە کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر ـ بەغدا کرا و تێیدا چارەسەرکردنی کێشەکانیان بەپێی دەستوور، دووپات کردەوە. 

چاکسازیی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە، لەگەل پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەردەوامی گفتووگۆکانی تایبەت بەم پرسە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، لەمبارەیەوە جەخت لە گرنگیی و زوو پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزار، کرایەوە.

زیاتر بخوێنەوە