/   هەواڵی ئەنجومەن

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ستایشی رۆڵ و تێکۆشانی پێشمەرگە دانەبڕاوەکان دەکات

2025-05-27
ئەمڕۆ سێشەممە 27ی ئایاری 2025، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی بارەگای کۆمەڵەی پێشمەرگە دانەبڕاوەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردو لەلایەن هەڤاڵ وەستا فاروق سەرۆکی کۆمەڵەکە و ستافی کۆمەڵەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
دواتر لە کۆبوونەوەیەکەدا، سەرەتا سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دانەبڕاوەکان، ستایشی رۆڵی جوامێرانەی هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفای کرد لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە دێرینەکان و کەسوکارە سەربەرزەکانیان و خۆشحاڵی دەربڕی کە هاوڕێیەکی دێرینی خۆیان جێگری سەرۆکی هەرێم و لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتییە.
پاشان هەڤاڵ شێخ جەعفەر، ئاماژەی بە نەخشی بەرچاوی پێشمەرگە دانەبڕاوەکانی یەکێتی کرد بەسەرکردایەتی رابەری کۆچکردوو سەرۆک مام جەلال، لە خەباتی رزگاری نیشتمانی کوردستاندا کە دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی هەرێم، دەرەنجامی تێکۆشان و شەهیدبوون و ماندووبوونی ئەوان و کەسوکارەکانیانە، کە بەداخەوە ژمارەیەکی کەمیان لەژیاندا ماون، هەر بۆیە هەرچی بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان بکرێت هەر کەمە.
دواتر هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن، تیشکخستەسەر دوا پێشهاتەکانی رەوشی سیاسی و جەختیشیکردەوە کە ئێستا بارودۆخەکان گۆڕاون و خەباتی دیموکراسی و هەڵبژاردن جێی تێکۆشانی چەکداریی گرتووەتەوە، بۆیە دەبێت لەم هەلومەرجەشدا سەرباری هەموو کێشە و ئاستەنگەکان، وەکو پێشمەرگە دێرینەکان درێژە بە کارو چالاکییەکانمان بدەین و تا بەدیهێنانی تەواوی مافەکانی گەلەکەمان و سەرخستنی ئامانجە پیرۆزەکانی یەکێتی بەردەوام بین لە خزمەتکردن، چونکە سەرخستن و گەشەپێدانی یەکێتی مەرجی سەرەکییە بۆ پەرەپێدانی حوکمڕانی خۆمان و خزمەتکردنی گەلەکەمان.

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ژمارەیەک لە هەڤاڵان بە دەربڕینی تێڕوانین و خستنەڕووی تێبینیی و سەرنجەکانیان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان دەوڵەمەندکرد.

دوای کۆبوونەوەکەش، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لەبارەگای ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان، نیوەڕۆخوانێکی بۆ ئەندامانی کۆمەڵەی پێشمەرگە دانەبڕاوەکان رێکخست.

زیاتر بخوێنەوە