ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥/٥/١٩ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێز ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدان و بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش کردەوە، بە تایبەت لە بواری ئاڵوگۆڕی بارزگانیی و وەبەرهێناندا، هەروەها هاوڕابوون لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسايش و سەقامگیریی ناوچەکە و تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگارییانەی لە بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە.
دوایین بارودۆخی سیاسیی و ئەمنی ناوچەکە و بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.