ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 10ی ئایاری 2025، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بارەگای ئەنجومەن، ئێوارەخوانێکی بۆ نزیکەی 400 کرێکاری ژینگەپارێزی سنووری سلێمانی رێکخست.
لەمیانەی میواندارییەکەدا، کە بەهەمانگیی لەگەڵ کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوزدا بەڕێوەچوو، هەڤاڵ زیادی شەهید جەبار، لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی، لە وتەیەکدا ستایشی هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفای کرد کە هەمیشە لە خەمی ژینگەپارێزاندایە و بەردەوام رێزیان لێدەگرێت و میواندارییان دەکات. هاوکات دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونی کرێکارانی ژینگەپارێز کرد کە بەشێکی گرنگی ژیانی خۆیان لەپێناو پاکڕاگرتنی شەقام و کووچە و کۆڵانەکانی شاری سلێمانیدا تەرخان کردووە.
وتیشی: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەچاوی ڕێزەوە لە ماندووبوونی ئێوە دەڕوانێت و هەوڵ دەدەین لەڕێی حکومەت و حزبەوە پێداویستی و داواکارییەکانتان بۆ جێبەجێ بکەین.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، ماوەیەک لەمەوبەریش هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا میوانداری سەدان ژینگەپارێزی دیکەی سنووری سلێمانی کرد.