/   هەواڵی ئەنجومەن

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ستایشی رۆڵی هێزەکانی دژەتیرۆر لە بەرەنگابوونەوەی تیرۆیستان دەکات

2025-04-22
ئەمڕۆ سێشەممە 22ی نیسانی 2025، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن، پێشوازیکرد لە بەڕێز وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوبەری گشتیی هێزەکانی دژەتیرۆر(CTG) و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکە.
لەدیدارێکدا، هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن ستایشی رۆڵی هێزەکانی دژە تیرۆری کرد لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گرووپە تیرۆریستیەکاندا بەتایبەتی گرووپی تیرۆریستی داعش، چ لەکاتی جەنگی دژ بە داعش لەساڵانی 2014-2017دا یان لە هەڵمەتەکانی تایبەت بە راوەدوونانی پاشماوەی تیرۆریستان لەناوچەکانی گەرمیان و بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەدا کە بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمان، بەردەوامن لە تێکشکاندنی پیلانی تیرۆریستان و فەراهەمکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە.
هاوکات هەڤاڵ شێخ جەعفەر جەختیکردەوە لەسەر گرنگی و بایەخی بەردەوامیدان بە مەشق و راهێنانەکانی هێزەکانی دژە تیرۆر و چەکدارکردنیان بەنوێترین جۆرەکانی چەک و کەڵک وەرگرتن لە پێشکەوتنە خێراکانی تەکنۆلۆجیا لەو بوارەدا.

لەبەرانبەردا، بەڕێوبەری گشتیی هێزەکانی دژەتیرۆر، وێڕای ئەوەی سوپاسی پشتیوانییە بەردەوامەکانی هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفای کرد لە هێزەکانی دژە تیرۆر، کورتەباسێکی پێشکەشکرد سەبارەت بە دوا کاروچالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی داعش و ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەی هێزەکانیان لەبوارەکانی مەشق و راهێنان و چەکدارکردن و ئامادەییدا بەدەستیان هێناوە.
تەوەرێکی تری دیدارەکە، گرنگی درێژەپێدانی هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان هێزەکانی دژەتیرۆر و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و دامەزراوە ئەمنییەکانی عیراق بوو، لەو رووەوە هەردوولا هاوڕابوون کە  پێویستە ئەو جۆرە هەماهەنگییە مکوڕتر بکرێن، لەپێناو بوارنەدان بەخۆڕێکخستنەوەی تیرۆریستان و پاراستنی ئارامی لەتەواوی ناوچەکەدا، بەتایبەتی لەو ناوچانەی نێوان هەرێم و ناوچە دابڕێنراوەکان کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە.

زیاتر بخوێنەوە