/   ی.ن.ک

سەرۆکی یەکێتی پێشوازی لەسەرۆک وەزیرانی عیراق کرد

2025-04-17
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق کرد.
 
لە دیدارێکدا کە قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوو، گفتوگۆی چڕوپڕ لەسەر دۆسیەکانی تایبەت بە عیراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا و جەخت لە هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی عیراق لە کێشمەکێشمەکانی ناوچەکە کرایەوە.
 
بافڵ جەلال تاڵەبانی و محەمەد شیاع سودانی جەختیان لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و پێویستە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی بەرژەوەندیی هاونیشتمانییان بدرێت.
 
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و جەختیان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە.
 
سەرۆک بافڵ هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانی روونکردەوە و وتی، ئامانجمانە کابینەی نوێ داواکاریی هاونیشتمانییان جێبەجێبکات و ببێتە هۆی بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عیراق رۆڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لە نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق بەرزنرخاند و بە رێزەوە باسی لەو هەوڵانە کرد کە لە سەردەمی سەرۆک مام جەلالەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامیان هەیە بۆ دروستکردنی یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی لەنێوان لایەنەکان.
 

زیاتر بخوێنەوە