/   هەواڵی ئەنجومەن
پەیامی جێگری سەرۆکی هەرێم لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی گوندەکانی بالیسان و شێخ وەسان و دۆڵی خۆشناوەتیدا
2025-04-16
(٣٨) ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە ١٩٨٧/٤/١٦ ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر گوندەکانی بالیسان و شێخ وەسان و دۆڵی خۆشناوەتی کیمیاباران کرد، کە یەکەمجاری بوو ئەم جۆرە چەکە قەدەغەکراوە دژ بە خەڵكی شۆڕشگێڕ و تێكۆشەری ئەم ناوچەیە تاقیبکاتەوە، تیایدا زیاتر لە هەزار هاووڵاتی بێتاوانی لە منداڵ و ژن و پیاو شەهید و بریندار کرد.
هەرچەندە مایەی ئازارێکی بێ کۆتایە ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە، بەڵام کیمیابارانکردنی دۆڵی خۆشناوەتی لە لایەن ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆرەوە، جێگای شانازی بوون و لوتکەی سەربەرزیی و قارەمانێتی گوندەکانی بالیسان و شێخ وەسان و دۆڵی خۆشناوەتیمان بۆ دەسەلمێنێ، ئەم ناوچانە هەمیشە لانکەی شۆڕش و بەرخودان بوونە دژ بە زوڵم و ستەمەکانی ڕژێمی بەعسی فاشیزم، ئامانجی ڕژێمی بەعس لە تاوانەکانی پرۆسەی ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستن و خاپوورکردنی گوندەکان، شێواندنی جوگرافیا و سڕینەوەی شوناسی کورد و کوردستان بووە، بەڵام گەلی کورد بە ئیرادەیەکی بە هێزەوە پارێزگاری لە پێناسە و مانەوەی خۆی کردوە و هەمیشە خەونی دوژمنانی لە گۆڕ ناوە.
بە داخەوە تاوەکو ئێستا ناوچەکانی دۆڵی خۆشناوەتی لە ڕووی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە خزمەتێکی ئەوتۆیان پێشکەش نەکراوە، کە شیاوی ئەو خەبات و خۆڕاگریی و قوربانیدانەیان بێت، هیوادارم خزمەتگوزاری زیاتریان پێشکەش بکرێت، لە هەمان کاتدا ئەرکی سەرشانی حکومەتی عێراقیشە کە بە یاسا پابەندکراوە بە گەشەپێدان و قەرەبووکردنەوەی ناوچە کارەساتبارەکان و زیانلێکەوتوانی دەستی ڕژێمی بەعس.
لە کۆتاییدا، سەری ڕێز و وەفا دادەنەوێنم بۆ شەهیدانی دۆڵی خۆشناوەتیی و بالیسان و شێخ وەسان و گوندەکانی دەوروبەری و گشت شەهیدانی ڕێگای کوردستان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/٤/١٦