/   کوردستان
پەیامێک لە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە
2025-04-14
بە بۆنەی بە پارێزگابوونی شاری هەڵەبجە وەکو چوارەم پارێزگا لە هەرێمی کوردستان و نۆزدەیەمین پارێزگاش لە عێراقدا، پڕ بە دڵ پیرۆزباییەکی گەرم لە شاری هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان و گشت کوردستانییانی ئازیز دەکەم، گەیشتن بەم ڕۆژە مێژووییەی کە هەموومان چاوەڕێمان دەکرد، مایەی دڵخۆشی گشت کوردستانییانە، بە تایبەت کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم، سوپاسی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانە بکەم، کە دەنگیان بەم پڕۆژە یاسایەدا. پەسندکردنی پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، هەوڵ و ماندووبوونی چەندین ساڵەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق و کۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە، ئەم هەوڵانە گیانی تەبایی و یەک هەڵوێستی و پەرۆشی گشت لایەنە کوردییەکان دەردەخات لە ئاست پێگە و بەهێزی هەرێمەکەمان.
هەڵەبجە لای ئێمە سیمبولی قوربانیدان و خۆڕاگریی و ئازایەتییە، خزمەتکردنی هەڵەبجە جێگای شانازییە بۆ گشت لایەکمان، هیوادارم لێرە بەدواوە فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغداد هەوڵ و ماندووبوونەکانیان چرتر بکەنەوە بۆ بەدەستهێنان و دابینکردنی بوودجەیەکی شیاو کە لە ئاست خزمەتکردنی ئەم شارەدا بێت، هەروەها ئاوەدانکردنەوەی ئەم شارە لە ڕووی بنیادنانەوە وەکو سیمای شارێکی پێشکەوتوو لە بواری شارستانێتیی و خزمەتگوزارییەوە، بکرێت بە هەوێنی ساڕێژبوونی ئازار و زامی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان.
سەری ڕێز و وەفاش دادەنەوێنم بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی کوردستان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/٤/١٤