بەبۆنەی یادەکانی نەورۆز و ئازادکردنی شاری کەرکوکەوە، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە ئەمە دەقەکەیەتی:
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزو سەرەتای ساڵی نوێی كوردییەوە، كە هاوزەمانە لەگەڵ یادی 34 ساڵەی ئازادکردنی شاری كەركوكی قودسی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و تەواوی كوردانی نیشتەجێی وڵاتانی جیاجیای جیهان دەكەم.
لە نەورۆزی ساڵی 1991دا راپەڕینی خەڵکی کوردستان، بەئازادکردنی شاری کەرکوک تاجی سەرکەوتنی لەسەرنا و سەرەتای قۆناغێکی نوێی لە تێکۆشانی رزگاریخوازانەی گەلی کوردستاندا هێنیایەئاراوە کە دواتر بەچەند قۆناغێکی تری راپەڕین هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێ بەدیهات.
نەورۆز، هێمای سەرکەوتنی ئیرادەی ئازادیخوازان و شکستی زوڵم و ستەم و چەوساندنەوەی مرۆڤە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ستەمکارەوە، هاوکات نیشانەی کۆتایی هەژموونی وەرزی زستان و سەرکەوتنی بەهار و نوێبوونەوەی سروشتە. لەنێو نەتەوەی كوردیشدا نەورۆز سیمبولی خەباتی نەتەوەیی و رووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی ستەمکارانەی داگیرکەرانە.
هیوادارم هەمووان ئەم جەژنە نەتەوەییە بکەین بە دەرفەتێک بۆ ئەوەی بەگیانێكی كوردانەوە کاری جددی بکرێت بۆ دروستکردنی یەكدەنگیی و یەكڕیزیی خەڵک و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، بەتایبەتی لەم هەلومەرجە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە هەستیارداو سەرەنجام پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەكەمان و پێكهێنانی حكومەتێكی كاراو خزمەتگوزار کە وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بێت.
دووبارە، جەژنی نەورۆزتان پیرۆزبێت و هەمیشە بەختەوەربن.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
20ی ئاداری 2025