/   کوردستان

پەیامی جێگری سەرۆکی هەرێم لەساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەدا

2025-03-16
ئەمڕۆ ٣٧ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەدا، بەوپەڕی ڕێز و شکۆوە ئەم یادە پڕ لە کارەسات و دژ بە مرۆڤایەتییە دەکەینەوە، کە لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە (١٩٨٨/٣/١٦)دا ڕژێمی بەعسی فاشیست، پێنج هەزار ڕۆحی بێتاوانی بە بەرچاوی هەموو جیهان و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە کردە قوربانی.
 
ئازاری هەڵەبجە ئازارێکی نەبڕاوە و زامێکی ساڕێژ نەبووە لە دڵی هەمووماندا، ئەم تاوانەش جگە لە پێناسەی جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزی نەتەوەیەک کە نەتەوەی کوردی پێ دەگووترێ هیچ پێناسەیەکی تر هەڵناگرێ. 
 
جێگای داخ و نیگەرانییەکی زۆرە کە دوای چەندین ساڵ لە ئازادکردنی عێراق لە ژێر دەستەیی زوڵم و ستەمدا، هیچ پلان و هەنگاوێکی ڕاستەقینە و یاسایی لە ئارادا نیە دژ بەو کارەساتە مرۆڤایەتیەی شاری هەڵەبجە و ناساندنی وەکو تاوانێکی جینۆساید، کە پێویست بوو لەسەر حکومەتی عێراق شاری هەڵەبجە بکات بە پارێزگایەکی نموونەیی لە ئاوەدانکردنەوە و بە جیهان و دونیای دیموکراسی بناسێنێ لە ئاست ئەو تاوانە تراژیدییەی کە بەرامبەری ئەنجامدراوە، هەروەها لە ئاست بەرپرسیارێتیدا قەرەبووی ماددیی و مەعنەویان بکاتەوە.
 
گرنگە لەم یادە پڕ شکۆیەدا گیانی برایەتی و یەکڕیزیی و بیروباوەڕی نیشتیمانپەروەری بکەین بە دەستپێکی ئاشتبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکان و تەواوکردنی ئەو ئامانجەی کە خوێنمان لەپێناوی بەخشی، هەروەها ئاوەدانکردنەوەی ئەم شارە لە ڕووی بنیادنانەوە وەکو سیمای شارێکی پێشکەوتوو لە بواری شارستانێتیی و خزمەتگوزارییەوە، بکەین بە هەوێنی ساڕێژبوونی ئازار و زامی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان.
 
سڵاو لە هەڵەبجەی سەر بڵند و خەڵکە بوێر و دڵ بە زامەکەی. سەری ڕێز و وەفاش دادەنەوێنم بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی کوردستان.
 
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/٣/١٦

زیاتر بخوێنەوە