/   کوردستان

سەرۆکی یەکێتی:خاوەندارێتی راپەڕین دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتیی و قارەمانێتیی رێکخستنەکان و شانەچەکدارو پارتیزانەکانی

2025-03-04
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە بۆنەی سی و چوارەمین ساڵیادی راپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردستانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئەمە دەقەکەیەتی: 
بەبۆنەی سی و چوارەمین ساڵیادی راپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردستان، لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم دەکەم لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکان و تێکۆشەرەکانی رێگای خەباتی کوردایەتی و شۆڕشی نوێ و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
راپەڕین کە لە رانیەی سەربەرزەوە ئاگری بڵێسەی سەند، خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قارەمانێتیی رێکخستنەکان و شانەچەکدار و پارتیزانەکانی شۆڕشی نوێ و دواتر یەکگرتوویی هێزە کوردییەکان لە بەرەی کوردستانیدا، ئەمەش سەلماندی کە زوڵم و ستەم و نادادی هەرگیز ناتوانێت دەنگ و ئیرادەی گەلەکەمان کپ بکات.
ئەمڕۆ دوای زیاتر لە سێ دەیە بەرپرسیارێتیی هەموومانە کە هەوڵەکانمان یەکبخەین لەپێناو پتەوکردنی گیانی برایەتی و پێکەوەیی و بنیادنانەوەی متمانە تاوەکو روومان لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و دادپەروەر بێت و بە ئیرادە و ئیدارەیەکی نوێوە کەموکوڕییەکان چارەسەر بکەین و  خزمەتی زیاتری خەڵکە خۆشەویستەکەمان بکەین و پێکەوە کار بۆ پاراستنی ئامانجە باڵاکانمان بکەین.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک ئەندازیاری راپەڕین، لەبەردەم قوربانیدان و خوێنی شەهیدان و بەرپرسیارێتیی نیشتمانی وەک رابردوو بەردەوام دەبێت لە داکۆکیکردن لە هێنانەدی مافەکانی گەلەکەمان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان.
سڵاو و درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی گەلەکەمان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

زیاتر بخوێنەوە