بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە لیۆ جیۆن، کونسوڵی چین لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکارییەکان لەنێوان هەردوولا لەسەرجەم بوارەکان کرایەوە، بەشێوەیەک ببێتە مایەی زیاتر بەهێزترکردنی هەرێمی کوردستان.
هەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ پێزانینی دەربڕی بۆ رۆڵی گرنگی کۆماری چینی میللی و کونسوڵخانەی چین لە هەرێمی کوردستان کە هەمیشە هەماهەنگکار و پشتیوان بوون بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و هیوای خواست ئەو پەیوەندییانە گەشەیان پێبدرێت و زەمینەی لەبارتر بڕەخسێندرێت بۆ کۆمپانیا و سەرمایەدارانی چین تا لە هەرێمی کوردستان بەشدارێکی کاریگەرتر بن، لەو چوارچێوەیەشدا خواستی یەکێتی دووپاتکردەوە بۆ پتەوکردن و پێشخستنی پەیوەندییە لەمێژینەکانی چین و یەکێتی بەتایبەت لە بواری دیپلۆماسی، ئابووری و کولتووری بەشێوەیەک خزمەت بە گەلی ھەردوولا و بەرژەوەندییە گشتییەکان بکات.
دواین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە تەوەرێکی تری دیدارەکە بوو کە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.