لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکدا، پیرۆزباییەکی گەرم لە نەتەوەی کورد و کوردستانییانی ئازیز و گشت پێکهاتە نەتەوەییەکانی کوردستان و عێراق و گەلانی جیهان بە گشتیی دەکەم.
مەبەست لە دیاریکردنی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، هۆشیاریی و ناساندنی فەرهەنگی زمانەکانە لەسەر ئاستیی جیهاندا، ئێمەش وەک گەلانی جیهان خاوەن زمان و ئاخاوتنی تایبەت بە خۆمانین، بە شانازییەوە نەتەوەی کورد ئاخاوتن و دەڕبڕینی زمانی شیرینی کوردی پاراستووە، ئەمەش بۆتە پێناسە و ناسنامەی نەتەوەیی و دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگ و شووناس و کلتووری کوردی، گرنگیدان بە نزیککردنەوەی زاراوە کوردییەکان و پاراستنی زمانی كوردی، گرنگیدانە بە فەرهەنگی زمانی کوردی و پتەوکردنی بنەمای یەكبوونی ڕۆحی نەتەوەییمان.
لێرەدا گرنگە دامەزراوە ڕۆشنبیریی و ئەکادیمیەکانی تایبەت بەم بوارە بەردەوام لەگەڵ شارەزایانی بواری زمانەوانی لە پرس و ڕاوێژ دابن و کاربکرێت بۆ ناساندنی زمانی کوردی لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی جیهان، چونکە پەرەپێدانی زمانی دایک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی و زانستیە، هەروەها فاکتەرێکی سەرەکی و بنچینەیی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمانە.
لەم یادەدا، سوپاس بۆ هەموو ئەو ڕۆشنبیر و کەسایەتیی و مامۆستایانەی کە بەردەوام و بە بایەخێکی زۆرەوە لە خەمی دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگ و زمانی کوردی دابوونە ئەگەر بە ووشەیەکیش بووبێ.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/٢/٢١