/   ی.ن.ک

مەکتەبی سیاسی یەکێتی راگەیەندراوێکی لەبارەی رەفتاری هێزێکی سوپاس عیراق بەرامبەر بەجووتیارانی کورد بڵاوکردەوە

2025-02-17
راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسیی لەبارەی رەفتاری هێزێکی سوپای عیراق بەرانبەر بەجوتیارانی کورد
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا لە حکومەتی ئیتحادی دەکات رێگا لە دەستتێوەردانەکانی هێزەکانی سوپا بگرێت لە کەیسی زەوی و زاری دێهاتەکانی کەرکوک و دەوروبەری و فەرمان بە یەکەکانی سوپای وڵات بکات پابەندی بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی و دەستوری خۆی بێت لە دەستوەرنەدان لە گرفتە ناوخۆییەکانی ناو کۆمەڵگەی عیراقی و پێکهاتەکانی.
 
یەکێتیی نیشتمانیی پێی وایە ئیشی سوپا نییە بەشێک بێت لە گرفتە ناوخۆییەکان و چارەسەری ململانێکانی زەویوزار و موڵکداریش هەرگیز بە بەکارهێنانی ناڕەوای هێز و پەلاماردانی هاوڵاتیان سەرناگرێت و رێگا دروستەکەی چارەسەری ناکۆکی لەسەر موڵکوماڵ نییە.چونکە لایەنگیری دامەزراوەکانی دەوڵەت ، بەتایبەتیش سوپا کە ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی وڵاتە ، بۆ هەر لایەنێک لە هەر ململانێیەکی ناوخۆییدا پێشینەیەکی مەترسیدارە و پێشێلکردنی دەستوری وڵاتیشە، هەروەک پێشێلکردنی یاسا پەسەندکراوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیشە کە تازەکیی بڕیارەکانی رژێمی پێشووی بەعسی لەسەر موڵک و زەویوزاری جوتیاران هەڵوەشاندۆتەوە.
 
ئێمە پێمان وایە دیاردەی خۆهەڵقورتاندنی هێزەکانی سوپای لە کێشەی زەویوزار لە ناوچەیەکی هەستیاری وەکو ناوچە دابڕاوەکانی کەرکوک هیچ ژینگەیەکی تەندروست بۆ بەرقەرارکردنی یاسا و دەستوور دابین ناکات، بەڵکو ئاڵۆزتریشی دەکات. ئەرکی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ئیئتلافیشە روونتر ئەم بەرپرسیارێتییە نیشتمانیی و دەستورییە بگرێتە ئەستۆ و بە هیممەتتر لەسەری بێتە جواب.
 
مەکتەبی سیاسیی 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
١٧-٢-٢٠٢٥

زیاتر بخوێنەوە