/   ی.ن.ک

جێگری سەرۆکی هەرێم لەگەڵ شاندێکی سەربازیی ئیتالیا کۆبووەوە

2025-02-17
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥/٢/١٧ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە به‌ڕێز جەنەڕاڵ پاولۆ پیزۆتی، بەرپرسی سەربازیی هێزی تایبەتی ئیتاڵیا و شاندێکی یاوەری کرد.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسیی و ئەمنیەکان لە عێراق و ناوچەکە، پەیوەندييه‌كانى نێوان ئیتاڵیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، مەشق و ڕاهێنانەکان بە پێشمەرگە، پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، مەترسییەکانی داعش و بنبڕکردنی بیری توندڕەوی، گفتووگۆیان لە بارەوە کرا.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز جێگری سەرۆک جەختی لە بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها هاریكارییە سەربازییەکانی ئیتالیای لە پەرەپێدانی توانا سەربازییەکان و دامەزراندنی بنکەی سەربازیی تایبەت بە مەشق و ڕاهێنان بۆ پێشمەرگە بەرز نرخاند و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ئیتالیای دژ بە داعش لە ناوچەکەدا بە پێویست زانی.
 
لای خۆیانەوە شاندە سەربازییەکە، بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی نێوان ووڵاتەکەیان و عێراق و هەرێمی کوردستانیان ڕوانی، هەروەها پاڵپشتی هێزی ئیتاڵیایان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش بۆ بەردەوامبوونی یارمەتییەکان و هاریکاری هاوبەش لەگەڵ پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی داعش دووپات کردەوە.
 

زیاتر بخوێنەوە